«إِنَّنِي أَنَا اللَّهُ لَا إِلَٰهَ إِلَّا أَنَا فَاعْبُدْنِي وَأَقِمِ الصَّلَاةَ لِذِكْرِي»
گەشتێکی دڵ بۆ «توور»ی «سینا»
بەشی یەکەم: دۆزینەوە
یەکەم جار کە گوێبیستی ئەم ئایەتە بووم بەپێی ماناکەی بیرم لە مووسا دەکردەوە. تەنیا شتێک کە دەهاتە خەیاڵم، دیمەنی دیداری مووسا و دارێک بوو کە دەنگێکی لێدەهات.
بەردەوام گوێم لەم ئایەتە دەگرت، جار بۆ جار زیاتر سەرەنجی ڕادەکێشام. ئەم دەنگە ئاسمانییە لە کام لاوە دەبیسترێ؟! ئەی ئەم دارە دەبێ چ دارێک بووبێ؟! بۆ دەکرێ دارێک ببێتە هێما و جیلوەی حزووری خوا؟!
بە خۆم دەگوت: لەوانەیە دارێکی ئاسایی نەبووبێ!
بەڕاست! ئەم دار و دۆڵ و کێوە لە کام گۆشە و کەناری ئەم جیهانەن؟!
ئەم شوێنە لام ئەوەندە شوێنێکی پیرۆز بوو کە ئاواتم دەخواست بۆ جارێکیش بێت چووبامایە وێو لە نزیکەوە سەیرم کردبا، لەوانەیە ئەوکات تا ڕادەیەک منیش وەک مووسا هەستم بە حزووری خوا کردبایە و کەوتبامە قسە و گفتوگۆ لەگەڵ خوا.
بەڵام بەداخەوە مەودایەک نێوانمانە و ئەم ئەزموونەم بۆ ناگونجێت!
بەڵام ئێستاکە زۆر جار بە بینین و تێڕامان لە ئاسمان و ئەستێرەکان، چیا و ڕووبارەکان و هەموو دروستکراوەکانی خوا، لە هەموو بۆن و ڕەنگ و دەنگێکەوە، گۆیا ئەم ئایەتە لە لایانەوە دەنگ دەداتەوە: «إِنَّنِي أَنَا اللَّهُ ...»
وەک بینینی نەخش و جوانی گوڵێک کە باسی جوانی بەدیهێنەرەکەی دەکات، چۆم و ڕووبار و کێوەکانیش هێمای هێز و دەسەڵاتی پەروەردگارن! میوە و خواردەمەنی جۆراوجۆر و نەخشین لە ڕەنگ و تامی جیاواز لەسەر سفرەی ماڵەکەم باس لە پاکی و بێگەردی خوا دەکەن! ئاسمانێکی ڕازاوە بە ئەستێره‌ی درەوشاوه‌ کە هەندێ جار وا دەنوێنێت کە پۆشاکی نائومێدی پۆشیوە و یەک پارچە تووشی بێ هیوایی بووە، بەڵام تەنیا دوای چەند چرکەیەک تیشکی ئومێد و ڕووناکی لە ئاسۆی ڕوونی بەرەبەیاندا هەموو ئاسەواری ئەم تاریکییە دەسڕێتەوە و دنیایەک لە ڕەنگ و بۆن و هەستی جوان پێشکەشی زەوی دەکات. ئەوەش بەهۆی ئومێدێکی بچکۆلانە بە ئەستێرەیەکی دوورەدەست لە ناو تاریکی و خەم و پەژارەدا بوو کە بەهۆی متمانەپێکردنی، ئەم ئەستێرەیەت بۆ نزیک دەکاتەوە و دەدرەوشێنێتەوە و ژیانت سەرلەنوێ بۆ ڕەنگین دەکا و ئاماژە دەکا بە بەدیهێنەرێک کە هەرگیز هیوای بەندەکانی بە خۆی فەرامۆش ناکا و مەودای تاریکی و ناخۆشییەکان هەرچەندە بخایەنێت، لە کۆتاییدا تیشکی ئومێد بە خوابوون، دەبێتە ھۆی گۆڕانی ڕەنگی ئاسمان! بە شێوەیەک پۆشاکی نائومێدی فڕێ دابێ و کراسی هیوا و متمانەی پۆشیبێ!
بەڵێ: «إِنَّنِي أَنَا اللَّهُ ...» ئەم شەو و ڕۆژە بۆم باسی پشتبەستن و ئومێد بە خوابوون دەکەن. ئەم ده‌نکه گەنمەی تازە سەری لە زەوی هه‌ڵداوه‌، بەڵگەیە لەسەر ژیانەوەیەکی تازە و ژیانێکی سەرلەنوێ و توانایی و هێزی خوام نیشان دەدا و بەگوێمدا دەچرپێنێ: خوا ئەو کەسەیە بۆ پێکەنینی گوڵێک، ئاسمان دەگریێنێ!
هەندێ جاریش باوەشی گەرم و پڕسۆزی دایکم لەبارەی ئامێز و ڕەحمی خواوە بۆم دەدوێ، ئەوینی خۆی لە وێنای دایک بۆ ڕۆڵەکەی ئاراستەی مرۆڤ دەکات.
لە دیواری ماڵەکەمان دایکم ئایه‌ته‌لکورسی هەڵاوەسیوە، زۆر جار کە چاوم بە وشەی «اللە» دەکەوت، تێڕادەمام و زۆر کات دەستم دەکرد بە گفتوگۆ لەگەڵ خوا، لە مەینەتی ژیان سکاڵام دەکرد و ئەسرینی غەریبیم دەڕشت. لەوە دەچوو تا چاوم بە ناوی نەکەوتبایە هەستم بە حزووری نەکردبا تا لەگەڵی بدوێم! بەڵام ئێستاکە بە بینینی چواردەورەم لە هەموو ڕەنگ و ڕوویەکدا گوێبیستی ئەم فەرموودەیە دەبم: «إِنَّنِي أَنَا اللَّهُ ...» وا دەردەکەوێ جیلوەی حزووری خوا هەموو دەورووبەرمی گرتووە و نە تەنیا دەشت و کێو و ڕووبار، بگرە ئاسمانەکانیشی داگرتووە!
«إِنَّنِي أَنَا اللَّهُ ...»
ئەمجارە کەمتر تامەزرۆی دیداری وڵاتی مووسا و بینینی ئەم دار و دۆڵ و کێوی «توور»ه‌ دەبم، چونکە ئێستاکە دەبینم ئەم فەرموودەیە لە هەموو لایەکەوە و هەمووکات  بانگم دەکا و هەرجارە جیلوەیەک لە پاکی و بێگەردی و گەورەیی خوام نیشان دەدا، بەجۆرێک که تەواو هەست بە بوون و حزووری خوا دەکەم.
ئیتر تەواو هەست دەکەم چریکه‌ی چۆلەکە و ڕەنگی گوڵەکان، بەرزی هەورەکان و پته‌وی کێوەکان، هەموویان جیلوەی حزووری خوان کە لەلای  هەموویانه‌وه‌ ئەم فەرموودەیە دەبیسترێ: «إِنَّنِي أَنَا اللَّهُ ...»
من ئەو خوایەم کە سەراسەر پڕ لە جوانیم، کە هەرچی سیفاتی جوان و پاکە ئەوە سەرچاوەکەی منم، من ئەو خوایەم کە تۆم بەدیهێناوە، ژیانم بۆ ڕازاندوویەوە و نیعمەتم پێ بەخشیوی و هێندێک جاریش لێم گرتوویەوە.
جا چ پێت زانیبێ چ نا!!
کاتێک بیر دەکەمەوە هەموو دونیا و ئاسمانەکان و هەموو بەهرە و دروستکراوەکان باسی خوا دەکەن و جیلوەی حزووری ئەون، بیر لە خۆم دەکەمەوە و ڕادەچەڵەکێم!!
ئایا دەکرێ جیلوەی ئەم فەرموودەیە لەلای منیش ڕەنگ بداتەوە؟! وەک چۆن لە هەموو دەورووبەرم هەستی پێ دەکەم و منیش بەو کۆمەڵە پەیوەست بم؟!
وەک گوڵەکان ڕەنگی خوایی بنوێنم و وەک سروە و شنەبای بەیانیان بۆن و به‌رامه‌ی جوان و خوایی بەسەر زەویدا بڵاو کەمەوە و یەکدەنگ لەگەڵ سریوە سریوی چۆلەکەکان تەسبیحی خوا بکەم؟!
لە بەخشیندا وەک خۆر بم و وەک ڕووبارەکان دڵم لە ژەنگ و ژار بسڕمەوە تا لە کۆتاییدا وێڕای باڵەندەکان بە شەوقی دیداری مەعشووق سەربەرزانە بەرەو ئاسمان باڵ بگرم؟!
لەوانەیە مرۆڤ ئەوکاتە کە دەستی نیازێکی بۆلا هاتبێ و لەپێناو خودادا یارمەتی کەسێکی دابێ و دەستی هەژارێکی گرتبێ، یان کاتێک لەبەرابەر زوڵمێک ڕاوەستاوە و ڕێگەی لێ گرتبێ، با وردتر بڕوانم دانەوێڵەیەک کە بۆ چۆلەکەی هاویشتبێ یان قاپە ئاوێک بۆ پشیلەیەکی دانابێ، خۆ هیچیش نەبێ زەردەخەنەیەک کە پێشکەشی دەورووبەری کردبێ، لەوانەیە لە هەموو ئەو کاتە جوانانەدا ڕوحی مرۆڤ ئاوێتەی ئەوینی خوایی بووبێ و وەک تەواوی بوونەوەری تر ئەویش ببێتە جیلوە و ئاوێنەی خوایی!
بیرم لە زۆر شت دەکردەوە و هەرچەندە زیاتر دەمڕوانی لە هەموو باروودۆخە جوانەکان و هەموو کردەوە پەسەندەکاندا، مرۆڤ لە ناخیدا هەست بە بوونی خوا ده‌کا، چونکە ئەو سەرچاوەی هەموو جوانییەکان و باشەکانە.